لەباتی نێرگز چەپکە ھەڵبەستی
سۆزی دەروونم ئەکەم بەدیاری
بۆ ئەو کەسانەی کە خۆشەویستیی
گیانیان ئەبەخشن بەکوردەواری
****
لەباتی ئاگر بەپشکۆی وشەی
زمانم، نەورۆز ھەڵئەگیرسێنم
لەباتی درەخت ئەم شەوە ڕەشەی
ناکۆکیی کوردی تیا ئەسووتێنم.
****
ئەو دڕک و چقڵەی ئەمساڵ چەقینە
پەڕەی گوڵاڵەی جەژنی نەورۆزم
ئەو فرمێسکانەی ئەمساڵ پەڕینە
چاوی ھەزاران کوردی دڵسۆزم
****
ئەو ھەنسکانەی لەقوڕگی شاخا
پەنگیان خواردەوە بوون بەھەڵمی خەم
ئەو ساوایانەی لەکۆشی داخا.
مەمکی بێشێریان خرایە سەر دەم
****
گووناھیان ئەستۆی ئەوانە ئەگرێ
کە بوونە زستان بۆ نەورۆزەکەم
دەستێ فرمێسکی ئازارم ناسڕێ
سووربووبێ بەخوێن، خوێنی ھۆزەکەم.
****
بەڵام کام ناپاک توانی شاڵاوی،
پڵنگی تۆڵەم ڕابوەستێنێ.
یان کام ئەژدەھاک توانی گەرداوی
دەریای ھەڵچوونم تیا بسرەوێنێ.
****
تا لووتکەی سپی، ڕێچکەی قەترە خوێن.
ڕژاوە بەڕێی دیاری خەباتا
بۆیە گوڵاڵەم لەوێدا ئەڕوێن
تا دیار بن لەناو باخی ئاواتا.
****
ئاگری کەژی جەژنی شانازیی
بەفوارەی خوێنم خۆش بووە ئەمڕۆ
بۆیە ئاوازی بەستەی ئازادیی
بەھەزاران دڵ نۆش بووە ئەمڕۆ
****
چەکووشی مەڵاس لەدەستی زبرا
چیرۆکی ھێزی ئەو برسیانەیە
لەش ئەتوێننەوە لەناو ئاگرا
"کاوە"م نموونەی ئەو داستانەیە.
****
کاوەی سەردەستەی چەوساوەی مێژووم
ئەو بانگەی کە دای لەلووتکەی بەرزا
بۆ نەوەی کوردی ئەمڕۆ و داھاتووم
دەنگ ئەداتەوە لەگەڵ نەورۆزا.
****
ڕەش و ڕووتی کورد ئارەقی ڕەنجیان
کردە سەر زەوی تینووی وڵاتم
ئەوسا دروێنەی سەختی تێکۆشان
بوو بەخەرمانی بەرھەمی مارتم
نووسراوە لە دوشنبه سی ام اسفند ۱۳۹۵کاتژمێر 16:35 بە دەستی şûşe-yu|
چاوگی هست و سز...ما را در سایت چاوگی هست و سز دنبال میکنید
برچسب:
نویسنده:
بازدید: 153